یانەی وەرزشی هەولێر  
 
كوردى   |   English   |   عربي
 
هەولێر لە نێو یاریگەی خۆیدا گرنكترین دوو خاڵی لە دەستدا     2/03/2015 7:17:36 PM


لە چوارچێوەی یارییەكانی هەفتەی چوارەمی قۆناغی دووەمی كۆمەڵەی یەكەم-ی خولی نایابی ت عێراق، رۆژی دووشەممە یانەی هەولێر لە یاریگای فرەنسۆ هەریری میوانداری یانەی نەفتی جنوب كرد و یاریەكەشیان بە گۆڵێك بۆ هەردوو لا تەواوبوو.
لە گێمی یەكەمی یارییەكەدا یانەی هەولێر بەپاڵپشتی یاریگا و هاندەران باشتر یاریكرد و چەند هێرشێكی كردە گۆڵی یانەی میوان، بەڵام هێرشەكان مەترسییەكی ئەوتۆی لەسەر گۆڵی تیپی بەرانبەر نەبوو، لەبەرامبەردا یانەی نەفتی جنوب بەهێرشی پێچەوانە یارییان دەكرد.
یەكەم هەڕەشەی یانەی هەولێر بۆ سەر گۆڵی یانەی نەفت لە خولەكی 22 بوو كاتێك (حاتەم زێدان) تۆپێكی بەهێزی ئاراستەی گۆڵ كرد، بەڵام (عودەی تاڵب)ی گۆڵپارێز تۆپەكەی دوور خستەوە.
لەبەرامبەردا یانەی نەفتی جنوب بە دوو هێرش وەڵامی هەولێریان دایەوە، بەڵام (سەرهەنگ موحسین)ی گۆڵپارێز بەرپەرچی هەردوو هێرشەكەی دایەوە و گێمی یەكەم هەردوو یانە بەبێ گۆڵ یاریگایان بەجێهێشت.
لە دەستپێكی گێمی دووەمدا هەردوو یانە بە دوو هێرشی مەترسیدار گۆڵی یەكتریان بەسەر كردەوە، لەخولەكی 59 دا (هەردی سیامەند) بە دروستی ئۆڤەرێكی جوانی بۆ (لوئەی سەلاح) كرد، بەڵام ناوبراو تۆپەكەی خستە نێو دەستی گۆڵپارێزی تیپی بەرانبەر, (ئەحمەد مەحەمەد)ی بەرگریكار وەك چۆن لەكاتە هەستیارەكاندا بەدیار دەكەوێت، ئەمجارەشیان لە خولەكی 70دا توانی گۆڵی پێشكەوتن بۆ هەولێر تۆمار بكات.
لەخولەكی 75 دا یانەی هەولێر توانای ئەوەی هەبوو گۆڵی دووەم تۆمار بكات كاتێك (حاتەم زێدان) بەتەنها لەگەڵ گۆڵپارێز مایەوە، بەڵام دەرفەتە ئاسانەكەی بەفیڕۆ دا و لە خولەكی 85 یاریزان لوئەی سەڵاح لێدانێكی سەری جوانی ئاراستەی گۆڵ كرد، بەڵام تۆپەكە بەشێوەیەكی سەیر نەچووە نێو گۆڵ.
لەخولەكی 90 دا یاریزان (حسێن كەریم) توانی بەلێدانی سەر گۆڵی بەرانبەر بوون تۆمار بكاتەوە، بەم شێوەیە یارییەكە بەگۆلێك بۆ هەردوو لا تەواوبوو.
بەم ئەنجامە یانەی هەولێر كۆی خاڵەكانی بۆ 17 خاڵ بەرزكردووە و لە پلەی پێنجەمی كۆمەڵەكە دێت و یانەی نەفتی جنوب بە كۆكردنەوەی 26 خاڵ لە پێشەنگی كۆمەڵەكە دێت.
رێبین رەمزی
فۆتۆ: هەردی مالك